خهدیجه گوڵاوی دایکمه، ههرچهنده دهقی ئهدهبی بهو نهخشه عهقڵانییهش ناڕوات بهڕێوه، بهڵام لهناخ و ئاگایی مندا ئهوه ههبوو، که چۆن بتوانم شتێک بکهم دایکم نهمر بێت، ئهو شتێکی زۆری بۆ ژیانی من کردووه، من چ شتێک بکهم که تهنیا من دهتوانم بیکهم، هیچ کهسیبَکی تر ناتوامێت ئهوه بۆ دایکم بکات، ئهوهمکرد که ئهودهقهی بۆ بنوسم و بهنهمریی بیهێڵمهوه.
تۆش فریوی دنیات خوارد
دنیا وایە خەدیجە
یەکەمجار پەپووسلێمانەکانت پیشاندەدات
ئینجا ئەبابیلەکان
یەکەمجار مانگ بە تریفەکانییەوە دەنێرێت
ئینجا دووپشکەکان
کە دڵبەستەی بوویت وەک ناپاکێک پشتت تێدەکات وەک فاحیشەیەک ڕووت لێوەردەگێڕێت
دنیا وایە خەدیجە !! دنیا وایە
پێم دەڵێی غەریبەکان خەون نابینن؟ بەڵام من , لەڕۆما , ئەو ڕۆژانەی وەک
سەگ لە چارەنووسی خۆم هەڵدەهاتم , تۆم لەیاد بوو
تۆم لەیاد بوو , ئەو کاتانەی لە یەختەکاندا
دەڕشامەوە
لەسەر کۆنکرێتی ساردی بەندەرەکان دەخەوتم و
تۆم لەیاد بوو
کەنگێ وای لێهات بەینی من و تۆ , خەدیجە؟
بە بیرت نایەت
ژیژکێکمان هەبوو
لە ترسی فڕۆکەکان خۆی دەشاردەوە
ژیژکێکمان هەبوو
بە گەنجی قاروونمان نەدەدا
بە بیرت نایەت لە وەڕانگە
شیری بزنەکانت دەخواردەوە
چونکە دایکت نەمابوو
حەز ناکەم وەک شاعیرانی دی بڵێم دنیا تەم بوو , بەڵام دنیا تەم بوو
کچۆڵەیەک بوویت لە ماشێن دەترسایت
لەتۆ وایە مانگایە و خوا کردوویەتی بە ئاسن
پێم دەڵێی کوڕەکان ڕەحم لە دڵیاندا نییە؟ بەڵام من , لە کۆرنسۆس , ئەو
شەوانەی لای ماسیگرەکان خۆم گەرمدەکردەوە , تۆم لە یاد بوو
تۆم لە یاد بوو
ئەو دەمەو عەسرانەی لەناو بەلەمەکاندا قورعانم دەخوێند
لە ئیجەدا قرشەکان ڕاویان دەنام و تۆم لەیاد بوو
دنیا وایە خەدیجە
یەکەمجار زەردەپەڕت بۆ دەڕازێنێتەوە
تا فریوی تاڵە زیوینەکانی بخۆیت
کازیوە دەهێنێته سەر ڕێت
تا بکەویتە داوی نەسیمی سبەینای
کە جوانییەکانی هەڵیانخەڵەتاندیت , کە بەختیارییە وردەکانی لە خشتەیان
بردیت , کە دڵشادییە کەمخایەنەکانی زەفەریان پێبردیت,ئینجا وەک
هاوڕێیەکی خائین پاشقولت لێدەگرێت , وەک دۆستێکی دووڕوو چەمۆڵەت لێدەنێت