ژیاننامە
۱. زمانی خۆشی هێمن لە نوسینی سەرگورشتەکەی وا لە خوێنەر ئەکات نەزانێت کات چۆن بەسەر ئەچێت، بخوێنێتەوە، پێبکەنێت، بگریێت و دەرس وەربگرێت لە ژیانی ئەو شاعیرە بلیمەتە. هێمن وەکوو پیاوی قەدیم قسە خۆش، وەکوو شاعیرێک ئەدیب و وەکوو ئینسانێکی مۆدێرن رۆشنبیرە، سەختی چێژتوە وەکوو خەڵکی هەژار و دەوڵەمەندی کردووە وەکوو دەوڵەمەندان. ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی جوان دونیا بناسێت و بتوانێت لە روانگەی زۆر کەسانەوە لە ژیان تێ بگات.
۲. هەرچەنە قسەی مامۆستا هێمن ئێکجار خۆش و شیرنن، بەڵام تاڵیشن! ژیانی وی، کوێرەوەریەکانی، ئەوەی کە بە چاوی خۆی دیتی، نەگەیشتن بە ئاواتەکانی، ئاوارەگی، دەربەدەری و قاچاخ بوون لە وڵاتی خۆی، وای لێ کردم کە بگریێم بۆی، نەک تەنیا بو ئەو، بە ئەو کارەساتە کە بەسەر ئەو خەڵکە بەستەزمانە دا هاتووە.
۳. سێ نوکتە لە گێرانەوەی بەسەرهاتەکانی هێمن لە لایەن خۆیەوە زۆر بۆ من جێگای سەرنج بو:, یەکەم، ئەوەی کە تاڵترین رۆژی ژیانی هێمن لە نێوان ئەو هەموو کوێرەوەری و بەدبەختی ئاوارەیەتی دا، ئەو رۆژە بووە کە چۆتە فێرگە و زانیویەتی ناتوانێت بە کوردی دەرس بخوێنێت و دەبێت فارسی فێر بێت.
دووهەم پێداگری شاعیر لەسەر نوسین بە زمانی خەڵک بو، بە زمانێکی سادە و ساکار شیعر دەڵێت و پێداگری دەکات فیکرو ئیدۆلوژیەکانیش هەر بەم زمانە بنووسرێت و بگوترێت.
سێهەم ئەوە بو کە دوایین لاپەرەی سەرگۆرشتی خۆی نوسیبوی: بەڵام چ بکەم ... کوردم ... (لاپەرەی ۸۶)
شیعر
شاعیری فەقیران
هێمن لەگەڵ پرۆڵتاریایە، بۆ ئەوانە کە شیعر دەنوسیت، بۆ ئازاد بونیان و دوژمنی بورژوازیە (ئاغا، بەگ و خان). ئاواتی سەرکەوتنی هەژارانە و هەوڵ دەدات بە شیعری خۆی پێشدا دژی ئاغاکانی کوردەواری ئەو کاتی کوردستان بێت و دوایەش دژی گەورەکانی ئەو زەمانی وڵاتی ئیران (رەزاشا و کورەکەی) خەڵک هان بدات. هەرچەندە هێمن خۆی لە سەردەمانی مناڵی دا هەژاری کەم دیوە، ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی چەوساوەی خۆی لە یاد بچێتەوە، هەمو کات لەگەل وانە و هەر بۆ ئەم خوشک و برایانەیەتی کە شیعر دەڵێت.
باسی چی دەکات
دەکرێت بڵەین هێمن لە سێ بواری جیاوازدا شیعری گوتوە:
١. بۆ گەلەکەی: «شاعیری گەل» لە تەواوی ژیانی دا هەمیشە بو کوردی نوسیوە و هیچ کاتێک ئەمەی لە یاد نەکردوە، ئاواتی لە نوسین هەر ئەمە بووە کە قەڵەمی خۆی بۆ کورد بەکار بھێنێت. هەر بەوبۆنەیەوە هەرە زۆری بەرهەمە ئەدەبیەکانی «شاعیری گەل» مەزموونی نەتەوەییان هەیە و بە شێوەی زۆر ئەم کارەی کردوە: هاندانی خوێنەر بەرەو شۆرش و هەستان بەرانبەر بە زوڵم و زۆردارێ، خوشەویستی دەربرین بۆ خەڵکی کورد و خاکەکەیان، باسی چاکەی خەڵکی کورد کردن، بەربەرەکانی زۆرداران و خەڵکی خەراپ، دوژمنی کردنی ئینسانی ناپاک، نوسین بۆ ژنانی کورد و ...؛
٢. بو عەشق: سێ جۆرە عەشق لە ئەشعاری هێمن دەبینرێت، عەشق بو وڵاتەکەی کە پێشتر باسم کرد، عیشق بە ئازادی و ئینسانییەت کە بەلای منەوە زیاتر تێمێکی فەلسەفی هەیە ، سێهەمیش هەست و سۆز بو دڵدار؛
٣. بۆ لادێ؛ هێمن کە خۆی خەڵکی لادێ بووە و جوانی دێهاتی بە چاوی خۆی دیتووە و بە ڕای من هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆر مرۆڤێکی هەستیار بێت، زۆر جار کە لە لادێ دوور بوە وەک نۆستالژیەک بۆ بیرەوەرییەکانی شیعری گوتوە کە سەرجەم شیعرەکانی لەم بوارە بۆ کولتووری کوردی زۆر گرینگن؛ نموونەی ئەوانە، شاکاری «بەهاری کوردستانە» کە بۆ ئەو کەسانەش کە لە لادێ نەبوون و ئەو جۆرە دیمەنەیان نەدیوە زۆر شیرین و دڵنشینە.
هەڵبەت ئەم جیاکردنەوە لە بوواری مەزموونی بوە و هەر کامیان خۆی زۆر نموونەی هەیە کە بە خوێندنی دیوانی مامۆستا خۆتان ئەیبینن
بلوغی شیعر
وەک هەموو شاعیرێکی تر، مامۆستا هێمنیش زیاتر لە ماوەی چڵ ساڵ شیعری گوتووە، بۆیە ئاساییە کە هێندێک لە بەرهەمەکانی جیاواز بن یا رەسەنتر بن لە شیعرەکانی تری. ئەم گۆرانە بەسەر شیعری هێمنیش دا بە ماوەی ژیانی دا زیاتر لە کاتی ئاوارەبوون و دوا سەرکووتکردنی شۆرش دەبیندرێت، کە هێمن لە شاعیرێک کە شیعری نەتەوایەتی و حیزبی دەڵێت دەگۆرێت بو شاعیرێک کە لە هەمو بوارەکی ژیانی ئینسانی کورد دا، بە تایبەتی مەزڵوم بوونی کورد، شیعر دەڵێت؛ ئەم گۆرانکاریە زۆر گرینگ بۆ لە شیعری هێمن دا، لە ساڵانی هەوەڵی ژیانی ئەدەبی خۆی دا تەنیا شیعری نەتەوەیی دەڵێت کە بە شیعرە هەرە باشەکانی لە قەڵەم نادرێن. بەڵام دو بەسەرهات ئەبێتە هۆی گورانکاری، سەرکووتکردنی دو شۆرش (تا رادەیەک ناهومێد بوون لە ئاواتەکەی) و دوا ئەمەش ئاوارەیی. دوا ئەم کارەساتانە عیشق و سۆزێکی زۆر زیاتر دێتە ناو شیعری هێمن و شیعرەکانی لە بوواری ئەدەبی دا دەوڵەمەندتر دەکات.
تایبەتی هێمن
(ئەمە زیاتر تایبەت خۆمە!) کاتێک مامۆستا باسی عەشق ئەکا، ئەڵەی فریشتەیەک چۆتە ناو ناخی روحم دا، گەراوە هەموو برین و دەردەکانی دیتومەوە و لەگەڵ هەرچیەک هەست و سۆز کە لە دڵم دا هەیە و ناتوانم باسی بکەم، هەڵی ئەگرێت، ئەیبا بۆ هێمن، ئەویش پێدەکەنێت و ئەڵێ زۆرباشە! دواتر شیعرێکی زۆر جوان و دڵتەزێن بۆ عاشقی دڵدار دەنوسێت! هەر ئەڵەی بۆ منی گوتوون ئەو شیعرانە ...
کۆتایی و شیعرێک
هەرچەنە هێمن تەنیا شیعری لە چەند بوواری تایبەت و گرینگ دا گوتووە، تووانیویەتی زۆر بەباشی لە مەوزوعی شیعرەکانیدا قووڵ بێتەوە و هەر ئەمەش جێگای سەرنجە، کە لە گوتنی ئەم نوکتە گرینگانەدا سەرکەوتوو بووە و بە نیوە چڵی نەیهێشتۆتەوە. بۆ نموونە مامۆستا زۆر بە باشی سەرنجی داوە بە ژن و لە هەر شیعرێک کە هەلی باسکردنی هەبووە باس لە خەراپی ژیانی ژنی کورد و جێگای نزمی لە کۆمەڵگای ئەو زەمان کردووە و رەخنەی گرتوە لە کۆمەڵگا کە ناهێڵێت ژنی کورد پێش بکەوێت؛ ئەمە نیشاندەری رۆشنبیری و بوێری مامۆستا هێمن بووە کە لەو کاتە کە کومالگا زۆر زیاتر لە ئێستا بە پڕ و پوچی کۆنەوە گیرۆدە بو، باسی ئەو شتانە بکات
ئەمهەویست زیاتریش بنوسم بەڵام پێم وایە هەر هیچ نەڵێم باشتر بێت و لە جیات زۆرگوتن، شیعرێکی زۆر خۆشی هێمن بنوسم ...
ئارەزووی فڕین
ژین بە یەخسیری و دیلی بێکەڵکە
بۆیە لەمێژە لە ژینم تێرم
گوزەران بو من لە ناو ئەم خەڵکە
سەختە، ناخۆشە، چۆنی رابوێرم
هێزم لێ بڕا تاکەی دەربەرم
لەناو مەینەت و دەردی سەرزەمین
ئەوە بەینێکە کەوتۆتە سەرم
بیری ئازادی و ئارەزووی فڕین
بەڵام داخەکەم نیمە باڵ و پەڕ
کە بفڕم، بڕۆم خۆم بدەم نەجات
بچمە شوێنێکی لێی نەبێ بەدفەڕ
لەباوەش بگرم نۆبووکی ئاوات
ئەی سروەباکەی بەیانی! وەرە
بە شنەشن و پشووی خۆت توند کە
لەسەر ئەو دنیا نەویەم لابەرە
هەتا دەتوانی ئەمن بڵند کە
نانا هەورەڕەش! ئەتو نەوی بە
لەو بەرزانەوە وەرە بەرەو خوار
کەمکەمە وەرە رێکی زەوی بە
لەسەر پشتی خۆت ئەمن بکە سوار
ئەو جا هەستەوە بڕۆ بەرەو ژوور
مەوێستە هەتا تەشکی ئاسمان
بمبەرە نزیک ئاسۆی جوان و سوور
نەجاتم بدە لە کاوڵی خەمان