لە بەرگی یەکەمەوە...
لام وایە کەم کەس هەبێ بەرهەڵستیم بکا لەوەدا کە بڵێم کورد بە درێژایی کاتێکی چەند هەزار ساڵەیی لێی دەوەشێتەوە میللەتی نموونەیی بووبێ لە هەژاری و کەم گوزەرانیدا. ئەوەی ڕاستی بێ لە کۆنێکی کۆنەوە، لەوەتەی مادەکان لێیان تێک چوە، کورد بۆی ڕێک نەکەوتوە وەک پوورەهەنگ وەیا شارەمێروو لە دەوری خۆی بئاڵێ و هەنگوین لە شانەی خۆی پەیدا کا یاخود دانەوێلەی دەرەوەی تێدا کۆ کاتەوە. مادەکانیش کە لە دەسەڵاتدار بوون ڕووپێوێکی کەمیان لە کوردستانی گەورە گرتبۆوە، بەڵام دەشیا ببن بە بنکە بۆ پێکهێنانی کیانێکی گەورەتری کورد... ئەمە ڕێک نەکەوت و لەوساوە بە جۆرێکی پچڕپچڕ و ناوناوە نەبێ کورد حوکمڕانی نەدیوە، وەک مەڕی بێ شوان و پەرژین بوە هەر لێی خوراوە.
سرنج بۆم دەردەخا، لەتۆشەوە دیارە، بە درێژایی چەند هەزار ساڵێک کوردستان کەوتۆتە نێوان سێ هێزی زلەوە. فەرمانڕەوایی ئێران و دەسەڵاتی بابل و ئاشوور و، بۆ ماوەیێک لەگەڵ ئەواندا ئینجا بە دوا ئەواندا دەسەڵاتی ڕۆمەکان. ئەم سێ ناوچە زلەی دەسەڵات کە کوردستانیان گرتۆتە نێوان خۆیانەوە، هەر یەکەیان بەرووبووم و داهاتی کەرتێک لە کوردستانی گەورەیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە و مەودایان نەداوە ئەو داهاتە لەکوردستان بمێنێتەوە و ببێ بە ماکی بنیادنانی دەسەڵات و حوکمڕانی. هەروەک ئاوڕێژی شاخەکانی کوردستان هەندێکی دەڕێژێتەوە ڕۆژهەڵات و بەرەو ئێران هەندێک ڕۆژئاوا بەرەو ئەنەدۆڵ، هەندێکیشی دەڕوا بەرەو دەشتی بابل و ئاشوور، هەروەها زوربەی بەرهەمی ئابووریی کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕژاوەتە ئێران و ئەنادۆڵ و بابل و هیچی ئەوتۆی لە خاکی کوردستاندا بەجێ نەماوە. سێ مقناتیسی گەورە پیت و داهاتی کوردستانی بۆ خۆی کێشاوە، تا ئێستاش هەر دەیکێشێ. لە کوردستان سەرمایە پێک نەهات.