کوردەواری, ئەی وڵاتە جوانەکەم! ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!ا ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە ئێستە بمبینن, ئەرێ دەمناسنەوە؟ ڕۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد! بوومە گەپجاڕ و دەکا گاڵتان بە من ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چووبوو لە من
***
ئەی ڕەفیقان, ئەی عەزیزانی وڵات! ئەی برای ھاوسەنگەری جەرگەی خەبات! گەر دەناڵێنم, ئەمن پەککەوتە نیم تێدەکۆشم بۆ وەصڵ تاکو دەژیم کۆششی من زۆر بەجێیە و زۆر ڕەوا چونکە قانوونی تەبیعەت وایە, وا: ((ھرکسی کو دور ماند از صل خویش باز جوید روزگار وصل خویش)) ڕێگە دەبڕم, کوانێ ھەنگاوم شلە ڕاستە بێ ھێزم, دەکەم ئەمما ملە! ھەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەھەشت دێم بەرە و زیخ و چەو و کانیاوی خۆم چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند دێم بەرەو پاناوک و ھەوراز و نشێو دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچکە و ڕەشبەڵەک دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم دێم بەرەو ھەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم دێم بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا دێم بەرەو لادێ بەرەو کانگەی وەفا دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ دێم گراويی خۆم لە باوەش وەرگرم دێم نەھێڵم بەرھەڵست و بەرگرم دێم و ھەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی ھەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم دێم و دێم و دێم و دێم ودێم و دێم دێم ھەتا ھەمبێ بڕست و بیر و ھۆش گەر گلاشم, کوردەواری و ئێوە خۆش! ھێـــمن موکريـــانی 1974