What do you think?
Rate this book


چێلمییەكانی هەوەڵی خوێندەوارییان نەبوو. خوێندن و نووسینیان نەدەزانی و ڕووداوە مێژووییەكانی ئەو سەردەمە دێرینە هەرگیز تۆمار نەكراون. دەڵێن ئەو چێلمییە دێرینانە مرۆڤی سەرەتایی بوون. بە ڕووتی و بە پێخاوسی بەملا و بەولادا دەگەڕان. لە مەڕ و ئەشكەوتاندا دەژیان و بە تەور و ڕمی بەردین گیانداریان ڕاو دەكرد. زۆربەی كات تا مردن برسی دەبوون و نەساخ بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا وشەی (قەیران) نەبوو، هیچ قەیرانێك لەگۆڕێدا نەبوو، كەسیش هەوڵی نەدەدا چارەسەری بكا.
دوای ساڵەهای ساڵ، چێلمییەكان بوون بە شارستان و فێری خوێندنەوە و نووسین بوون. بەم جۆرە وشەی وەكو (كێشە) و (قەیران) دروستكران. لەو ساتەوە كە وشەی قەیران لە زماندا پەیدا بوو، خەڵك زانییان چێلم قەیرانی تێدایە. دەیاندی شتەكانی شارەكەیان باش نین. داهێنەری وشەكان پیاوێك بوو بە ناوی گرۆنامی گا، چونكە كڵاوێكی لە سەر دەنا، دوو شاخی گای بەسەرەوە بوو.
گرۆنام، یەكەمین دانا و یەكەم فەرمانڕەوای چێلم بوو. لە چێلم، دانایی و فەرمانڕەوایی هەمیشە بە یەكەوەن. ئەنجوومەنێكی پێنج نەفەری لە دانایان لە بەڕێوەبردندا یارمەتیی گرۆنامیان دەدا. بریتی بوون لە: لەكیشی گێژ و زاینڤیلی گەوج و ترایتیلی دەبەنگ و سێندەری كەر و شمێندریكی كەللەپووچ. گرۆنام میرزایەكیشی هەبوو بە ناوی شلیمێل.
ڕۆژێ گرۆنام فەرمانی بە شلیمێل كرد داناكان بۆ ئەنجوومەن بانگ بكا.
كە كۆبوونەوە، گرۆنام گوتی: (داناكانم، قەیرانێك لە چێلم هەیە. زۆربەی هاوشارەكانمان بایی خۆیان خواردنیان نییە بیخۆن. جل و جۆڕی كۆن لە بەر دەكەن و زۆریان لە دەست كۆكە و جۆرەها باپەڕ دادەدادیانە. چۆن چارەی ئەم قەیرانە بكەین؟)
داناكان بەپێی دەستووری خۆیان، حەفت شەو و حەفت ڕۆژ بیریان كردەوە.
ئەوسا گرۆنام گوتی: (با بزانم چیتان هەیە پێم بڵێن؟)
لەكیشی گێژ یەكەم كەس بوو قسەی كرد: (تەنیا ژمارەیەكی كەم مرۆی خوێندەوار لە چێلم هەن كە دەزانن (قەیران) یانی بارودۆخێكی دژوار. وەرن یاسایەك دەربكەین كە بەكارهێنانی وشەكە قەدەغە بێ. ئیدی زوو لەبیر دەكرێ و كەس نازانێ قەیران هەیە و ئێمەی دانایانیش ناچار نابین مێشكمان بگوشین بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین.)
زاینڤیلی گەوج قسەی پێ بڕی: (تازە كار لە كار ترازاوە. ڕاستە، دان عەمرەكان وشەكە نازانن، بەڵام گەنجەكان هەموو فێری بوون و ئەوانیشن نوێنەری بانەڕۆژی چێلم.)
گرۆنامی گا پرسیی: (تۆ چ پێشنیارێك دەكەی، زاینڤیلی گەوج؟)
زاینڤیلی گەوج گوتی: (ئامۆژگاریی من ئەوەیە، خەڵك حەفتەی دوو ڕۆژ: ڕۆژی دووشەممە و ڕۆژی پێنجشەممە بەڕۆژوو ببن. بەمەوە بڕە نانێكی زۆر پاشەكەوت دەكەین. ئیتر كەمیی نان نامێنێ.)
گرۆنامی گا پرسیی: (ئەمە كێشەی نان چارەسەر دەكا، ئەدی كەمیی پۆشاك و پێڵاوی خەڵك چۆن چارەسەر دەكرێ؟)
ترایتیلی گێل دوو پەنجەی خستە سەر لێوی، وەك ئاماژەیەك كە گەرەكییەتی شتێ بڵێ.
گرۆنام گوتی: (ترایتیلی گێل، قسە بكە!)
ترایتیلی گێل گوتی: (ئامۆژگاریی من ئەوەیە، باجێكی گران لەسەر پێڵاو و چەكمە و كەواوپانتۆڵ و پەستەك و تەندوورە و هاواركراس و… بەكورتی لەسەر هەموو پۆشاكێك دابنێین. بەمەوە هەژاران قەوەی كڕینی هیچ پۆشاكێكیان نابێ. ئەوسا بایی دەوڵەمەندان پۆشاكمان دەمێنێ. چ پێویست دەكا خۆمان بۆ هەژاران نیگەران بكەین؟)
سێندەری كەر بە سەرسامی گوتی: (ئەمە ئامۆژگارییەكی خراپە!)
گرۆنامی گا گوتی: (بۆچی پێشنیارێكی خراپە؟)
- (خراپە، چونكە تەنیا هەژار و بەلەنگازان لە شینایی و فرۆشگه كار دەكەن. ئەگەر ڕووت و پێخواس بن، هەمیشە تووشی سەرما و كۆكە و باپەڕ دەبن و ناتوانن كار بكەن. لە هەق نایەن نان و پۆشاك بایی دەوڵەمهندانیش پەیدا بكەن.)
- ( ئەی تۆ چ پێشنیارێك دەكەی، سێندەری كەر؟)
سێندەری كەر وەڵامی دایەوە: (من پێشنیار دەكەم، شەوێك كە دەوڵەمەندەكان نووستن، هەژارەكان ماڵەكانیان ببڕن و بچن چەكمە و سۆل و كەوا و كراس و هەرچیی تری هەبوو بیبەن و بڕۆن. بەم چەشنە هەژاران جلی باشیان دەبێ لە بەری بكەن و بێ ئەوەی سەرمایان ببێ، دەتوانن لە شینایی و فرۆشگه كار بكەن. پێویستیش ناكا خۆمان بۆ دەوڵەمەندان نیگەران بكەین.)
شمێندریكی كەللەپووچ ڕایگەیاند: (ئەمە هەمووی غەڵەتە.)
گرۆنام پرسیی: (بۆچی هەمووی غەڵەتە؟)
شمێندریكی كەللەپووچ گوتی: (لەبەر ئەوەی بەرامبەر هەر دەوڵەمەندێك، سەدان هەژاری بەدبەخت لە چێلم هەن، جلەكان بەشیان ناكا لە بەری بكەن. جگە لەوەیش، دەوڵەمەند خەپە و ورگنن، كەچی هەژار لەڕ و مردەڵەن. جلی دەوڵەمەندان بە ئەندازەی هەژارەكان نییە.)
گرۆنامی گا پرسیی: (ڕێگە چارەی تۆ چییە، شمێندریكی كەللەپووچ؟)
- (من دەڵێم هەموومان واز لە شمەك لەبەركردن بێنین. مێژوونووسە گەورەكانی چێلم دەڵێن لە سەردەمی كۆندا، باب و باپیرانمان بە ڕووتوقووتی دەگەڕان و لەناو مەڕ و ئەشكەوتاندا خۆجێ بوون. بە ڕاووشكار دەژیان. با ئێمەیش وا بكەین. ئەوسا هەموو گیروگرفتەكەمان چارەسەر دەبێ.)
لەكیشی گێژ گوتی: (ئەمە قسەی پڕوپووچە! بە لای تۆژەرەوانمانەوە، لە سەردەمی كۆندا، وەرزی زستان لە چێلم نەبوو، بۆیە خەڵك بە ڕووتوقووتی دەگەڕان. ئێستا من پێشنیار دەكەم دانیشتنەكەمان دوا بخەین. دیارە بیركردنەوەی ئەو حەفت ڕۆژە بەس نەبووە.)-Booklist
Paperback
First published January 1, 1973